ناوهڕۆك
بەروبوومی بەرھەمی پارێزەر
كاتێك یەك جۆر بەروبوومی كشتوكاڵی لە ناوچەیەكدا و بۆ چەند وەرزێك دەچێنرێت، ئەو كاتە خاكەكە ھەژار دەبێت بە ماددەی خۆراكی، بۆ نموونە ئەو كێڵگانەی كە بەردەوام پەمووی تیادا دەچێنرێت وەك ئەوەی لە میسڕ و سوریا ھەیە، شارەزایانی كشتوكاڵ پێیان باشە لە نێوان وەرزەكانی چاندنی پەموودا پاقلەی سۆیا و پاقلەی سوودانی بچێنرێت لەبەر ئەوەی یارمەتی گێڕانەوەی ماددەی خۆراكی بۆ خاكەكە دەدەن، ئەم جۆرە ڕووەكانە ناودەبرێن بە بەروبومی پارێزەر.
بەروبومی پارێزەر بریتییە لەو بەروبومانەی كە لە نێوان وەرزەكانی چاندندا دەچێنرێت لەپێناو قەرەبوو كردنەوەی خاكەكە بە ماددەی خۆراكی و لە ھەمان كاتیشدا خاك لە ڕاماڵین دەپارێزێت، بەروبومی پارێزەر ناھێڵێت ڕاماڵین ڕووبدات، چونكە ڕووپۆشێكی پارێزەر دروست دەكات لە بەرامبەر باران و بادا.
ڕێگایەكی تر لە پێناو بەھەدەرنەچوونی ماددەی خۆراكی ناو خاك بریتییە لە سووڕی كشتوكاڵی، چاندنی ھەمان بەرھەم ساڵ لە داوی ساڵ و لە ھەمان كێڵگەدا، ئەبێتە ھۆی نەمانی ماددەی خۆراكی لە پێناو ڕێگرتن لە نەمانی ماددەی خۆراكی، جوتیار دەتوانێت جۆری بەروبوومەكە بگۆڕێت، جیاوازی بەروبووم وادەكات خاكەكە ماددەی خۆراكی جیاواز بەكار بھێنێت.